وەرزش
تۆپی بالە: تەنیا هاویشتنی تۆپێک نییە بۆ ئەوبەری تۆڕەکە

ئەگەر تا ئێستا تەماشای یارییەکی تۆپیبالەت کردبێت بێ ئەوەی خۆت بە کردەیی یاریەکە بکەیت، ڕەنگە لە خۆتت پرسیبێت:
«بۆچی شوێنی یەکتریان گۆڕییەوە؟»
یان
«بۆچی ئەو یاریزانە جلی جیاوازی پۆشیوە؟»
یان ڕەنگە ئاڵۆزترین پرسیار
«بۆچی لێیان نەگەڕا تۆپەکە بچێتە دەرەوە؟»
لە سەرەتادا، ڕەنگە تۆپیبالە سادە بێتە بەرچاو؛ شەش یاریزان، تۆپێک، تۆڕێک، و ئامانجێک کە گەیاندنی تۆپەکەیە بۆ بەری ئەوبەر. بەڵام هەر کە لەوە گەیشتیت کە لە ڕاستیدا چی ڕوودەدات، تێدەگەیت کە نزیکەی هەموو جووڵەیەک هۆکاری خۆی هەیە. تۆپیبالە یاریی کاتبەندی، پەیوەندی، ستراتیژی، و کاری بەکۆمەڵە. بەشە سەرنجڕاکێشەکە تەنیا لێدانی تۆپەکە نییە بە بەهێزی؛ هەندێک جار، گرنگترین جووڵە بریتییە لە پاسێکی بێخەوش، ئامادەکردنێکی بەئاگایانەی تۆپەکە، یان یاریزانێک کە خۆی دەدات بە زەویی یاریگاکەدا بۆ هێنانەوەی تۆپێک کە گەیشتن پێی مەحاڵ دەهاتە بەرچاو.
کەواتە، یاری تۆپی بالە لە ڕاستیدا چۆن کار دەکات؟
یەکەم: چۆن خاڵ بەدەست دەهێنیت؟
بیرۆکەکە سادەیە. یەکێک لە تیمەکان تۆپەکە دەپەڕێنێتەوە ئەو بەرەی تری تۆڕەکە. لەوێوە، هەردوو تیمەکە هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لەوەی تۆپەکە بەر زەویی بەشی خۆیان بکەوێت، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن لەسەر زەویی لای بەرامبەر بنیشێتەوە.هەر تیمێک مافی سێ هاوێشتنی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی تۆپەکە بەسەر تۆڕەکەدا، بەبێ ئەوەی دەستلێدانی بەربەستکارەکە بژمێردرێت. هەروەها ناكرێت تۆپەکە تەنها بگریت یان فرێیبدەیت؛ بەڵکو دەبێت لێی بدرێت.
: ناردن ← گواستنەوە ← ئامادەکردن ← هێرشکردن
یاریزانی وەرگر، تۆپە نێردراوەکە دەگوازێتەوە بۆ ئامادەکار. پاشان ئامادەکار تۆپەکە لە شوێنێکی چاکدا جێگیردەکات بۆ لێدەرێک، کە ئەویش بەرەو تیمی بەرامبەر هێرش بە تۆپەکە دەکات. بەڵام تیمی بەرامبەر دەتوانێت بەرگری لەو هێرشە بكات، تۆپی خۆی ئامادە بکات و وەڵامی هێرشەکە بداتەوە. بەم شێوەیە لە ناکاو، ئەوەی وەک یاسایەکی سادەی سێ بەرکەوتن دەهاتە بەرچاو، دەبێتە ئاڵوگۆڕێکی خێرای کاردانەوە، بڕیاردان و جوڵەکردن.
هەموو یارییەک خاڵێک دەبەخشێت بە لایەک:
تۆپی بالەی نوێ شێوازی خاڵبەندیی 'یاری بەپێی یاری' بەکاردێنێت، واتە هەموو ئاڵوگۆڕێکی تۆپ دەبێتە هۆی تۆمارکردنی خاڵێک، بە بێ گوێدانە ئەوەی کام تیم تۆپەکەی ناردووە. ئەگەر تیمی نێردەری تۆپەکە ئاڵوگۆڕەکە بباتەوە، خاڵەکەی دەست دەکەوێت و لە ناردنی تۆپ بەردەوام دەبێت. ئەگەر تیمی وەرگر بباتەوە، خاڵەکەی دەست دەکەوێت و مافی ناردنی تۆپەکەشی پێدەدرێت. هەروەها بە گوێرەی ئاڕاستەی کاتژمێر شوێنی خۆیان بە بڕی یەک پلە دەگۆڕن.
لە یاریی ناویاریگای تۆپی بالەدا، چوار یاریی یەکەم تا ٢٥ خاڵ دەکرێن ، لەکاتێکدا یاری پێنجەم تا ١٥ خاڵ دەکرێت. تیمێک دەبێت لانی کەم بە جیاوازی دوو خاڵ شوتەکە بباتەوە، بۆیە دەکرێت شوتەکە لە ٢٥ خاڵ تێپەڕ بێت ئەگەر پێویست بکات. بۆیە ڕەنگە ئەنجامی وەک ٢٦–٢٤ یان ٢٩–٢٧ ببێنیت. هیچ یاسایەکی "یەکەم کەس بگاتە ۲٥ خاڵ براوەیە بە بێ گوێدانە ئەنجام" نییە. دەبێت بە جیاوازی دوو خاڵ ببیە براوە.
ئێستا دەگەیە شوێنە ئاڵۆزەکە: خولانەوە
ئەگەر پێشتر یاریت نەکردبێت، ئەم بەشەی تۆپی بالە لە هەمووی ئاسانتر سەرت لێ تێکدەدات. شەش یاریزان لەسەر گۆڕەپانەکەن، و لە شەش شوێنی خولاوەدا ڕێکخراون.
وا لە گۆڕەپانەکە بڕوانە:
ڕیزی پێشەوە:
٤ — ٣ — ٢
ڕیزی پشتەوە:
٥ — ٦ — ١
شوێنی ۱ بریتییە لە شوێنی دواوەی لای ڕاست، کە یاریزانەکە لەوێوە تۆپەکە دەنێرێت.
کاتێک تیمێک ئاڵوگۆڕی تۆپەکە دەباتەوە لە کاتی وەرگرتندا، یاریزانەکان بە گوێرەی ئاڕاستەی کاتژمێر دەسوڕێنەوە:
١ ← ٢ ← ٣ ← ٤ ← ٥ ← ٦ ← ١
کەواتە ئەو یاریزانەی تۆپەکەی دەنارد دەچێتە ناوەڕاستی دواوە، یاریزانێکی تر دەچێتە لای چەپی دواوە، یاریزانێکی تر دەچێتە لای چەپی پێشەوە، و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
بەڵام ئا لێرەدا ئەو بەشە دێت کە سەر لە هەمووان تێکدەدات.
یاریزانەکان شوێنەکانیان دەگۆڕنەوە، بەڵام مەرج نییە بۆ تەواوی ئاڵوگۆڕیەکە لەو شوێنەدا بمێننەوە.
پێش ناردنی تۆپەکە، دەبێت یاریزانەکان بەپێی ڕیزبەندیی دروستی خولانەوەکە ڕاوەستابن. کاتێک نێردەر لە تۆپەکە دەدات، یاریزانەکان دەتوانن بەرەو شوێن و ڕۆڵی خۆیان ڕابکەن. بۆیە ڕەنگە ببینیت کەسێک لە شوێنێکی سەیرەوە دەست پێبکات و ڕاستەوخۆ دوای ناردنی تۆپەکە بۆ ناو گۆڕەپان ڕادەکات. ئەوان ڕێگەی خۆیان ون نەکردووە، بەڵکو بەپێی خولانەوەکە دەجوڵێنەوە.
کەواتە بۆچی یاریزانەکان لەو شوێنەدا نامێنەوە کە خۆیان حەزی پێدەکەن؟
چونکە تۆپی بالە بەو شێوەیە دانەنراوە.
تۆ ناتوانیت بڵێیت:
"من ئامادەکارم، بۆیە لە شوێنی ئامادەکاردا دەمێنمەوە."
خولانەوەکە واتە یاریزانەکان دەبێت بە هەموو شەش شوێنەکەی گۆڕەپانەکەدا تێپەڕبن. بەڵام ڕۆڵە تایبەتەکەی خۆیان دەکرێت وەک خۆی بمێنێتەوە. لێرەدایە کە یاریی تۆپی بالە زۆر سەرنجڕاکێشتر دەبێت. ئەو شەش شوێنەی سەر گۆڕەپانەکە هەمان شتی شەش ڕۆڵەکەی یاریزانەکان نین. یاریزانێک دەتوانێت بسوڕێتەوە بۆ شوێنێکی جیاوازی گۆڕەپانەکە لە کاتێکدا هێشتا وەک ئامادەکار، لێدەر، یان بەرگریکاری تایبەت دەمێنێتەوە. کاتێک تۆپەکە دەنێردرێت، تیمەکە خۆی ڕێکدەخاتەوە بۆ ئەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت. کەواتە کاتێک تەماشای تیمێکی شارەزای تۆپی بالە دەکەیت، ڕەنگە وا دەربکەوێت کە یاریزانەکان بە بەردەوامی شوێنی خۆیان دەگۆڕنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە پشت هەموو جوڵەیەکەوە پلانێک هەیە.
کەواتە، لە ڕاستیدا هەر یاریزانێک چی دەکات؟
١.ئامادەکار — ئەو کەسەی هێرشەکە دروست دەکات
ئەگەر تۆپی بالە چیرۆکێک بووایە، ئامادەکار یەکێک دەبوو لەوانەی ئاڕاستەی ڕووداوەکانی ڕێنمایی دەکرد. ئامادەکار ئاساییانە بەرکەوتنی دووەم وەردەگرێت و بڕیار دەدات تۆپەکە بەرەو کوێ بڕوات. ئایا بڕوات بۆ لێدەری لای دەرەوە؟ ناوەڕاست؟ لای بەرامبەر؟ یان دەبێت ئامادەکار بەربەستکارانی تیمی بەرامبەر تووشی سەرسوڕمان بکات و خۆی هێرشی تۆپەکە بکات؟ ئامادەکارێکی باش تەنها کەسێک نییە کە بتوانێت تۆپەکە بخاتە هەواوە. ئەوان پێویستە لە بەربەستکارانی تیمی بەرامبەر تێبگەن، لە لێدەرەکانی خۆیان بگەن، بە خێرایی بڕیار بدەن، و دەرفەتی هێرشبردن دروست بکەن. یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی بالە ئامادەکار وەک ناوەندی تاکتیکی تۆپی بالە وەسف دەکات چونکە ئامادەکار دەبێت بڕیار لەسەر چۆنیەتی و شوێنی هێرشبردن بدات. هەر ئەمەشە وا دەکات ئامادەکار ئەوەندە سەرنجڕاکێش بێت. ئامادەکارێک دەتوانێت تیمێک کە لێدەری بەهێزی هەیە مەترسیدارتر بکات تەنها بە بەخشینی دەرفەتی چاکتر بەو لێدەرانە.
٢.لێدەری لای دەرەوە — هێرشبردن و بەرگری
لێدەری لای دەرەوە یەکێکە لە هێرشبەرە سەرەکییەکانی تیمەکە. بەڵام ئەرکی ئەوان تەنها "بازدان و لێدان لە تۆپەکە" نییە. لێدەرانی لای دەرەوە زۆرجار دەبێت هێرش ببەن، ناردنی تۆپ وەربگرن، بەربەست دروست بکەن، بەرگری بکەن، و بە خێرایی لە ئەرکێکەوە بۆ ئەرکێکی تر بگوازرێنەوە. ئەوان بەشدارن لە بەشەکانی هێرشبردن و بەرگریکردنی یارییەکەدا، کە ئەمەش وا دەکات ئەرکەکە لە ڕووی جەستەیییەوە هیلاککەر بێت. کاتێک تۆپەکەش بێخەوش نییە؟ هێشتا ڕەنگە لێدەری لای دەرەوە ئەو کەسە بێت کە چاوەڕێی لێدەکرێت شتێک بکات.
٣.لێدەری بەرامبەر — هێرشبەری سەرەکی تر
لێدەری بەرامبەر زۆربەی جار بەرامبەر ئامادەکارەکە ڕادەوەستێت لە پێکهاتەی تیمەکەدا. ئەوان زۆرجار بژاردەیەکی گرنگی هێرشبردنن ، بەتایبەتی لە لای ڕاستی گۆڕەپانەکەوە، هەروەها دەتوانن ئەرکی سەرەکییان هەبێت لە کاتی بەربەستکردن لە تەنیشت تۆڕەکەدا. یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی تۆپی بالە ئەوەیە کە هێرشبردن هەمیشە بە واتای بەهێزترین کێشان لە تۆپەکە نایەت. هەندێک جار ژیرانەترین هێرش، لێدانێکی هێواشترە بۆ ناو بۆشاییەکی چۆڵ. ئامانجەکە ئەوە نییە کە تۆپەکە سەرسوڕهێنەر دەربکەوێت؛ ئامانجەکە ئەوەیە تیمی بەرامبەر نەتوانێت بەرپەچی بداتەوە.
٤.بەرگریکاری ناوەڕاست — شوورای بەردەم تۆڕ
ئەگەر ببينێت یاریزانێک لەپڕ لە بەردەم تۆڕەکەدا بەرەو سەرەوە باز دەدات و ڕێک لەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە ڕکابەرەکەی هێرشی بۆ دێنێت، بە ئەگەری زۆرەوە سەیری بەرگریکاری ناوەڕاست دەکەیت. گرنگترین ئەرکی ئەم یاریزانە بەرگریکرتنە. بەرگريکردن بە کردار دەبێتە یەکەم هێڵی بەرگری لە دژی هێرشەکانی ڕکابەر. یاریزانان هەوڵ دەدەن لەسەر تۆڕەکەوە ڕێگە لە تۆپەکە بگرن یان ئاڕاستەکەی بەرەو بەرگریکارەکانی خۆیان بگۆرن. بەرگریکارانی ناوەڕاست لە ناوەڕاستی یاریگاشەوە بە خێرایی هێرش دەکەن، واتە دەبێت زۆر بە خێرایی پەرچەکرداریان هەبێت.
ئەوان بەردەوام سەرنجی ئەم شتانە دەدەن:
- یاریزانی ئامادەکارلە کوێیە؟
- تۆپەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
- یاریزانی هێرشبەر لە کوێیە؟
- ئایا بەرگری لە لای ڕاست بکەم یان چەپ؟
چرکەیەک دەکرێت تەواوی جیاوازییەکە دروست بکات.
٥.لیبێرۆ — یاریزانی جلی جیاواز
دواتر ئەو یاریزانە دێت کە هەموو کەسێک سەرنجی دەدات: لیبێرۆ. ئەوان ئاسایی جلێک دەپۆشن کە ڕەنگەکەی لە یاریزانەکانی تری تیمەکە جیاوازە. بۆیە ئەگەر یەکەم جارە سەیرکەری تۆپی بالە بیت، ڕەنگە بپرسیت: "بۆچی ئەو یاریزانە جلی جیاوازە؟" لیبێرۆ یاریزانێکی تایبەتمەندی بەرگرییە. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیین لە وەرگرتنەوەی تۆپی نێردراو و بەرگریی پشتی یاریگا. بەپێی یاساکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی بالە، لیبێرۆ تەنیا لە ناوچەی پشتی یاریگادا کاردەکات و بۆی نییە بەرگریی بەردەم تۆڕ بکات یان هێرشێک ئەنجام بدات کە شوێنی لێدانەکە لە ئاستی سەرەوەی تۆڕەکە بەرزتر بێت. هەروەها لیبێرۆ دەتوانێت بچێتە شوێنی یاریزانانی ڕیزی پاشەوە، بەبێ ئەوەی بە گۆڕانکاریی ئاسایی هەژمار بكرێت. ئەم پێگەیە زۆر گرنگە، چونکە هێرشێکی بەهێز بەهایەکی ئەوتۆی نییە ئەگەر تیمەکە نەتوانێت سێرڤی ڕکابەر وەربگرێتەوە یان بەرگری لە هێرش بکات. ڕەنگە لیبێرۆ ئەو کەسە نەبێت کە خاڵەکە تۆمار دەکات، بەڵام دەکرێت ئەو کەسە بێت کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی یاریزانێکی تر خاڵەکە دەستەبەر بکات.
سێ لێدانەکە: گواستنەوە ، ئامادەکردن، هێرش
ئەگەر دەتەوێت بە خێرایی لە ئاڵوگۆڕی تۆپ دەربچیت، ئەم سێ وشەیە بەبیر خۆت بهێنەرەوە:
- گواستنەوە:
تۆپەکە بەرەو تۆ دێت، ئاسایی لە سێرڤ یان هێرشێکەوە. شەقەی دەستەکانت بەکاردێنیت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و ناردنی بەرەو ئامادەکار. ئەمە کاتێک بەرگری بێت زۆرجار بە ڕزگارکردن ناو دەبرێت.
- ئامادەکردن:
ئامادەکار دووەم بەریەککەوتن ئەنجام دەدات و تۆپەکە لە شوێنێک بەرز دەکاتەوە کە هێرشبەر بتوانێت لێی بدات. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم جوڵەیە بە دەستەکانی سەروو سەر ئەنجام دەدرێت.
- هێرش:
سێیەم بەریەککەوتن 'هێرشکردن'ە، زۆرجار کێشانی تۆپەکەیە بە هێزەوە. هێرشبەر باز دەدات و تۆپەکە ئاڕاستەی گۆڕەپانی بەرامبەر دەکا ، هەوڵ دەدات شوێنێک بدۆزێتەوە کە کەس نەتوانێت بەرگری لێ بکات. دواتر تیمی بەرامبەریش ڕێک هەمان شت دەکەنەوە و خولەکە بەردەوام دەبێت:
گواستنەوە. ئامادەکردن. هێرش.
ئاسانە، وانییە؟
- تا ئەو کاتەی تیمی بەرامبەر بەرگری لە هێرشەکەت دەکات.
- یاخود کەسێک بە تەواوی لە ڕاگرتنی تۆپەکە هەڵە دەکات.
- یاخود ئامادەکار دەبێت بەدوای تۆپەکەدا ڕابکات.
- یاخود دەبێت هێرشبەرەکە بەسەر ئامادەکردنێکی زۆر خراپەوە هێرش بکات.
یاخود کەسێک خۆی بە زەویدا دەدات بۆ ڕزگارکردنی تۆپێک کە گەیشتن پێی مەحاڵ دیار بوو. -
ئا لەو کاتەدایە تۆپی بالە دەبێتە تۆپی بالەی ڕاستەقینە.
"بەڵام تۆپەکە چووە دەرەوە!"
ئەمە یەکێکە لەو شتانەی تۆپی بالە زۆر خۆش دەکات: چوونی تۆپێک بۆ دەرەوەی یاریگا مەرج نییە بە واتای کۆتایی هاتنی یارییەکە بێت. یاریزانان ڕێگەیان پێدراوە بەدوای تۆپدا بچنە دەرەوەی گۆڕەپانی ئاسایی یاری و هەوڵی گەڕاندنەوەی بدەن، تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی یاسایی تۆپەکە لەسەر هێڵ بهێڵنەوە. بۆیە هەندێک جار دەبینیت یاریزانان بە خێرایی ڕادەکەن بەرەو کورسیی یاریزانانی یەدەگ، تەختەی ڕیکلامەکان، یان تەنانەت بۆ ناو ئامادەبووان تەنیا بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی تۆپەکە بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئەمە یەکێکە لەو بەشەی یارییەکە کە بەهای ڕاستەقینەی خۆی پێ نادریێت .
تۆ ناتوانێت تەنیا بڕیار بدەیت و بڵێیت:
" لەمە دەچێت ئەو تۆپە نەگیرێتەوە."
: بەڵکو دەبێت بڕیار بدەیت
ئایا هێشتا دەتوانم ڕزگاری بکەم؟""
هەندێک جار وەڵامەکەی "بەڵێ"یە. ئەو جوڵانەش زۆربەی جار لە بیری خەڵکیدا دەمێننەوە.
ئەو بەشەی خەڵک زۆر بە کەمی دەنرخێنن: پەیوەندیکردن
تۆپی بالە بە خێراییەکی زۆر سەرسوڕهێنەر بەڕێوەدەچێت. شەش کەس لە ناو یاریگایەکی تا ڕادەیەک بچووکدا دەجووڵێنەوە، لە هەمان کاتدا تۆپێک دەکرێت بە خێراییەکی زۆر بەرز بەرەو ڕوویان بێت. بۆیە پەیوەندیکردن و ئاڵوگۆڕی دەنگ ئارەزوومەندانه نییە. یاریزانان بەردەوام دەبێت پەیوەندی بکەن دەربارەی ئەوەی کێ تۆپەکە دەگرێت، بەرگریکارەکان لە کوێن، ڕکابەرەکان چی دەکەن، و ئایا کەسێکی تر بەرەو هەمان تۆپ دەجووڵێت یان نا. کاتێکیش کەس پەیوەندی ناکات؟ دوو یاریزان دەکرێت بەرەو هەمان تۆپ ڕابکەن، بەیەک بکەون، یان خراپتر لەوە، هەردووکیان وابیربکەنەوە کە ئەوی تر تۆپەکە دەگرێت. لەپڕ دەبینیت تۆپێک کە بە ئاسانی ڕزگار دەکرا، بەر زەوی دەکەوێت. بۆیە تۆپی بالە شەش کەسی سەربەخۆ نییە کە لە تەنیشت یەکتردا یاری بکەن، بەڵکو شەش کەسن کە هەوڵ دەدەن پێکەوە یەک بڕیار بدەن.
بۆچی تۆپی بالە وەرزشێکی تیمییە؟
دەکرێت هێرشبەرێکی سەرسوڕهێنەرت هەبێت، ئامادەکارێکی زۆر بێوێنە، یان لیبێرۆیەک کە بتوانێت کەم تا زۆر هەموو شتێک ڕزگار بکات. بەڵام ئەگەر نەتوانن پێکەوە کاربکەن، تیمەکە دۆڕاو دەبێت. وێنەی هێرشبەرێک بێنە بەرچاوی خۆت کە دەتوانێت بە هێزێکی زۆرەوە لە تۆپەکە بدات بەڵام هەرگیز ناتوانێت سێرڤ بە باشی وەربگرێتەوە. یان ئامادەکارێک کە ئامادەکاری زۆر باش دەکات بەڵام هیچ لێکتێنەگەیشتنێکی لەگەڵ هێرشبەرەکاندا نییە. یان لیبێرۆیەک کە هەموو شتێک ڕزگار دەکات بەڵام کەس نییە ئەو ڕزگارکردنانە بگوازێتەوە بۆ هێرش. هەموو پێگەیەک پەیوەستە بە پێگەیەکی ترەوە.
ڕاگرتنی تۆپ هەلێک دەداتە ئامادەکار. ئامادەکار هەلێک دەداتە هێرشبەر. هێرشبەر فشار دەخاتە سەر ڕکابەر. بەرگریکارەکان ئاڵوگۆڕی تۆپەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە. بەرگریکارانی بەردەم تۆڕ پارێزگاری لە یاریگا دەکەن. دواتر هەموو پرۆسەکە لە سەرەتاوە دەست پێدەکاتەوە.
هەر بۆیە چێژبەخشترین ساتەکانی تۆپی بالە هەمیشە بەهێزترین لێدانەکان نین. هەندێک جار بریتییە لەو ڕزگارکردنە تەواو سەرسوڕهێنەرانەی تۆپەکە. تۆپێک کە دەبوا کەوتبایە، ئەو یاریزانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دەخاتە ژێری، ئەو تیمەی بە جیاوازییەکی زۆر دۆڕاوە و لەپڕ دەست بە گەڕانەوە دەکات، یان ئەو ئاڵوگۆڕەی کە ڕەتیدەکاتەوە کۆتایی بێت. چونکە تۆپی بالە لە ڕاستیدا لەسەر ئەوە نییە کێ دەتوانێت بەهێزترین لێدان ئەنجام بدات، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کێ دەتوانێت یارییەکە بە زیندوویی بهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی دەیباتەوە.
کەواتە، ئێستا چۆن سەیری تۆپی بالە بکرێت؟
جارێکی تر کاتێک سەیری یارییەک دەکەیت، تەنیا سەیرکەری تۆپەکە مەبە. سەیرکەری یاریزانەکان بە.
لە خۆت بپرسە:
کێ ئامادەکارە؟
کێ سێرڤەکە وەردەگرێت؟
لیبێرۆکە لە کوێیە؟
کێ بەربەست دروست دەکات؟
کام یاریزان هێرش دەکات؟
ئایا تیمەکە دوای دەستکەوتنی مافی ناردنی تۆپەکە خولایەوە؟
کێ ئاڵوگۆڕی دەنگ و زانیاری دەکات؟
کە دەست دەکەیت بە سەرنجدانی ئەو شتانە، ئیتر جوڵەی سەر گۆڕەپانەکە زۆر باشتر تێدەگەیت. ئەوەی وا دەهاتە بەرچاو شەش کەس بێت بە بێسەروبەری ڕابکەن، لە ڕاستیدا سیستمێکی ڕێکخراوی ووردە. وە ئەوەی وەک لێدانێکی سادەی تۆپێک بەسەر تۆڕێکدا دەهاتە بەرچاو، لە ڕاستیدا خەباتێکی بەردەوامی خۆڕێکخستن، کاتسازی، پەیوەندی، توانای جەستەیی، و بڕیاردانە. هەر ئەمەشە وا دەکات تۆپی بالە زۆر زیاتر بێت لە تەنها کێشانی تۆپێک بەسەر تۆڕێکدا.

