گشتی
جۆری کەسایەتی: ئایا ٤ پیت بەڕاستی دەتوانن پێمان بڵێن ئێمە کێین؟ ١٦

لە کاتی کەرەنتینەدا، کاتێک وا دیار بوو هەمووان تاقیکردنەوەی کەسایەتی ئەنجام دەدەن، منیش یەکێکم ئەنجامدا. هەمیشە ئارەزووم لە بورجەکان هەبوو، بەڵام هەرگیز هەستم بە دروستی و وردیەکی تەواو نەدەکرد. شتێکم دەویست کە زیاتر لۆژیکی و دیار بێت، شتێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی زانستییانە ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەم. هەر لەو کاتەدا بوو کە ئارەزووێکی زۆرم بۆ ئیم-بی-تی-ئای پەیدا بوو.
ئیم-بی-تی-ئای کورتکراوەی "نیشاندەری جۆری مایەرس-بریگز"ە. ئەمە چوارچێوەیەکی کەسایەتییە کە لەو بیرۆکانەوە پەرەی سەندووە کە لە بنەڕەتدا لەلایەن پزیشکی دەروونی سویسری کارل یۆنگەوە پێشنیار کراون، بەتایبەتی کارەکانی لەسەر جۆرە دەروونییەکان.
ئەم چوارچێوەیە لەلایەن کاترین کوک بریگز و کچەکەی ئیسابێل بریگز مایەرسەوە پەرەی پێدرا، کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکرد. ئەوان ئارەزوویان لە بیرۆکەکەی یۆنگ هەبوو کە دەڵێت خەڵک ئارەزوو و مەیلی جیاوازیان هەیە لە شێوازی وەرگرتنی زانیارییەکان و بڕیارداندا.
لە کۆتاییدا ئیم-بی-تی-ئای ئەم حەز و مەیلانەی ڕێکخست بۆ چوار جووت لە مەیلی دژبەیەک:
ئای / ئی: گۆشەگیر و کۆمەڵایەتی I/E
ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەسێک نیازی هەیە وزەی خۆی ئاراستەی کوێ بکات و لە کوێوە وەریبگرێت، نەک تەنها ئەوەی کە ئایا ئەوان کەسانێکی "شەرمن"ن یان "کۆمەڵایەتی"ن.
ئێس / ئێن: هەستپێکردن و تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ S/N
ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەسێک چۆن زانیارییەکان وەردەگرێت.
هەستپێکردن:* زیاتر سەرنج دەخاتە سەر زانیارییە بەرجەستەکان، وردەکارییەکان و ئەوەی بە ڕاستەوخۆ دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت.
تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ: *زیاتر سەرنج دەخاتە سەر شێواز و ڕەفتارە دووبارەبووەکان، ئەگەرەکان، واتا پەیوەندیدارەکان و بەستنەوەی بیرۆکەکان بە یەکەوە.
((پیتی ئێن لەبری ئای بەکارهاتووە بۆ تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ، چونکە پیتی ئای پێشتر بۆ گۆشەگیری بەکارهاتووە.
تی / ئێف: بیرکردنەوە و هەستکردن T/F
ئەمە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکان و شێوازی بڕیاردانەوە هەیە.
* بیرکردنەوە: جەخت لەسەر لۆژیک، جێگیری و پێوەرە بێلایەنەکان دەکاتەوە.
* هەستکردن: جەخت لەسەر بەهاکان، مرۆڤەکان و کاریگەریی بڕیارەکان دەکاتەوە.
(ئەمە بەو مانایە نایەت کە کەسانی بیرکەرەوە هیچ هەستێکیان نییە، یان کەسانی هەستیار لۆژیکی نین.)
جەی / پی: بڕیاردەر و تێبینیپێکەر J/P
ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خەڵک چۆن مامەڵە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دەکەن.
بڕیاردەر: بە گشتی ڕێکخستن، پلانداڕشتن و یەکلایی بوونەوەی کارەکانی پێ خۆشترە.
تێبینیپێکەر: بە گشتی گونجاوبوون، کراوەیی و هێشتنەوەی هەلەکان بە کراوەیی پێ خۆشترە.
ئەم چوار هەڵبژاردنە لەگەڵ یەکتردا کۆبکەرەوە و دەبێتە ١٦ تێکەڵەی جیاواز.
بۆ نموونە:
ئای-ئێن-ئێف-جەی = گۆشەگیر+ تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ + هەستکردن + بڕیاردەر
ئەزموونی من وەک ئای-ئێن-ئێف-جەی
بۆ من، ئیم-بی-تی-ئای زۆر سەرنجڕاکێشتر بوو کاتێک تێگەیشتم بە بەردەوامی هەمان جۆری کەسایەتی بەدەستدەهێنمەوە. نزیکەی ٩٠ لەسەدی کاتەکان، ئەنجامەکەم ئای-ئێن-ئێف-جەی بووە، و زۆر بە قووڵی هەست بە پەیوەندی دەکەم لەگەڵ زۆربەی تایبەتمەندییەکانیدا. یەکێک لەو پێناسانەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، مەیلی ئای-ئێن-ئێف-جەی بوو بۆ خۆبەدوورگرتن لە ململانێ . هەمیشە ڕووبەڕووبوونەوەم وەک دوا ڕێگە چارەسەر بینیوە. پێشتر لە خۆمم دەپرسی ئایا خۆبەدوورگرتن لە ململانێ بە مانای ئەوە دەێت کە دەترسم بەرگری لە خۆم بکەم، بەڵام تێگەیشتن لە کەسایەتیم یارمەتیدام بە شێوازێکی تر لێی بڕوانم. تێگەیشتم کە مەرج نییە لە ململانێ بترسم؛ بەڵکو تەنها بایەخ بە ئارامی دەدەم و حەز ناکەم بە بێهۆکار ئازاری کەس بدەم یان کەس دڵگران بکەم. هەندێک جار هەڵبژاردنی ئارامی لاوازی نیە، بەڵکو دەکرێت بەو مانایە بێت کە کەسێک پێی خۆشترە کێشەکان چارەسەر بکات بێ ئەوەی دەستبەجێ بچێتە ناو ناکۆکییەوە.
جێگای سەرنجە، ئەگەرچی زۆرجار بە ئاسایی ئەنجامەکەم ئای-ئێن-ئێف-جەی دەردەچێت، بەڵام ئەنجامی ترم دەستکەوتووە. جارێک کە لە ژێر ستریسێکی زۆر گەورەدا بووم، ئەنجامی تاقیکردنەوەکەم بوو بە ئای-ئێن-تی-جەی. لەو کاتەدا، نزیکەی هەستەکانم بە تەواوی وەلانا بوو و بڕیارەکانم تەنیا لەسەر بنەمای لۆژیک و عەقڵ دەدا. کاتێک ئاوڕ لەو کاتە دەدەمەوە، ئەو ئەنجامە بەڕاستی یارمەتیدام تێبگەم کە بە چیدا تێپەڕیوم. جارێکی تر، ئەنجامەکەم بە ئی-ئێن-ئێف-جەی دەرچوو. ئەمە کاتێک ڕوویدا کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆر چالاکتر بووبووم، چونکە یاریی بالەم دەکرد، نزیکەی هەموو ڕۆژێک هاوڕێکانم دەبینی و بە بەردەوامی تێکەڵاوی خەڵک دەبووم. بیرمە هەستم بە بڕوابەخۆبوونێکی بێئەندازە دەکرد لە توانا کۆمەڵایەتییەکانمدا، نزیکەی وەکو ئەوەی بتوانم جیهان داگیر بکەم. ئەم ئەزموونانە وایان لێکردم تێبگەم کە کەسایەتی هەمیشە ئەوەندە سادە یان جێگیر نییە کە چوار پیت نیشانی دەدەن.
بۆچی حەزم لە شیکردنەوەی کەسایەتیی خەڵکە
یەکێک لە خۆشترین شتەکان سەبارەت بە ئیم-بی-تی-ئای بۆ من، شیکردنەوەی کەسایەتیی خەڵکە. نەک بە شێوازێکی سەیر یان بڕیاردەرانە، لێ لەبەرئەوەی تێگەیشتن لە کەسایەتیی کەسێک دەتوانێت تێگەیشتن لە شێوازی پەیوەندیکردن و هەڵسوکەوتی ئاسانتر بکات. هەروەها چێژ لەوە دەبینم کە خەڵک بەراورد بکەم لەگەڵ وەسفی کەسایەتییەکەیان و ببینم ئایا شێوازی ڕەفتاریان بەڕاستی دەگونجێن یان نا.
هەندێک جار، تێبینیکردنی ئەو کەسانەی کە زۆر لە یەکتر جیاوازن دەکرێت زۆر سەرنجڕاکێش بێت. هەندێک هاوڕێم هەیە کە شێوازی ڕێکخستنی ژیانیان بە تەواوی لەوەی من جیاوازە. بۆ نموونە، هاوڕێیەکم هەیە کە هەمیشە کارەکان بۆ دواتر دواخات و کارەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام نادات. تێگەیشتن لە کەسایەتیی ئەو وایکردووە بۆم ئاسانتر بێت کە دەستبەجێ ئەو هەڵسوکەوتە بە نەرێنی لێکنەدەمەوە. لەبری ئەوە، دەتوانم بە سادەیی درک بەوە بکەم کە ڕەنگە ئەو بە شێوازێکی جیاواز لە من مامەڵە لەگەڵ ئەركەکاندا بکات. ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەموو هەڵسوکەوتێک دەبێت چاوپۆشی لێبکرێت، بەڵام تێگەیشتن لە نیازی کەسێک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت، و ئەگەر ویستیان شتێک بگۆڕن، بزانە چی شێوازێک بەڕاستی بۆیان دەستدەدات.
ئەم جیاوازییە تەنانەت لە ناو خێزانەکەی خۆشمدا بەڕوونی دەبینم. دایکم زۆر کۆماڵایەتیترە و لە من ئاسوودەترە لەگەڵ شتە خۆڕسک و لەپڕەکاندا. ئەو دەتوانێت بچێتە شوێنێک و دەست بە قسەکردن بکات لەگەڵ نزیکەی هەموو کەسێکدا، لەکاتێکدا من زۆر بێدەنگترم. هەروەها ئەو بەقەد من بێزار نابێت بە ئاڵۆزی یان ژینگەیەکی ناڕێکخراو. دیدەنی ئەم جیاوازییانە بیرم دێنێتەوە کە دوو کەس دەتوانن لە هەمان خێزاندا گەورە ببن و دیسانیش بە شێوازی تەواو جیاواز ئەزموونی جیهان بکەن.
ئایا کەسایەتی دەگۆڕێت؟
ئەمە دەمانبات بۆ پرسیارێکی تری سەرنجڕاکێش: ئایا ئێمە لەگەڵ کەسایەتییەکانماندا لەدایک دەبین، یان ئەزموونەکانمان شێوەیان پێدەبەخشن؟
بە بڕوای خۆم، ژینگەکەمان ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت. خێزان، هاوڕێیەتی، قوتابخانە، کلتوور، ئەزموونە سەختەکان، و گۆڕانکارییە گەورەکانی ژیانمان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانینمان بۆ جیهان. کەسانێکم بینیوە کە بە تێپەڕبوونی کات بەشێک لە کەسایەتییان دەگۆڕن. بەڵام پێم وا نییە کەسێک بتوانێت بە تەواوی ببێتە کەسێکی تری جیاواز. تەنانەت کاتێک خەڵک دەگۆڕێن، بڕوام وایە هەندێک بەشی بنەڕەتی لە ناخیاندا وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئەنجامە جیاوازەکانی ئیم-بی-تی-ئای لە ژیانی خۆمدا نموونەیەکن بۆ ئەمە. لە کاتە پڕ لە فشارەکاندا،ڕەنگە بە شێوەیەکی لۆژیکیتر ڕەفتار بکەم و هەستەکانم وەلا بنێم، لە کاتێکدا لە ماوەی چالاکیە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەتوانم زۆر کۆمەڵایەتیتر و تێکەڵاوتر بم. بەڵام هێشتا لە ژێر ئەو گۆڕانکارییانەدا خۆم دەناسمەوە. ئەمە وام لێدەکات بیر لەوە بکەمەوە کە ڕەنگە کەسایەتیی شیاوی گۆڕانکاری بێت بێ ئەوەی بە تەواوی بپووکێتەوە یان شوێنی بگیرێتەوە.
ئیم-بی-تی-ئای هەموو چیرۆکەکە نییە
لە هەمان کاتدا، بڕوام وانییە ئیم-بی-تی-ئای بتوانێت بە تەواوی وەسفی مرۆڤێک بکات. ئەستەمە چوار پیت بتوانن تەواوی کەسایەتی، مێژوو، هەست و سۆز، بەهاکان، ترس ، پەیوەندییەکان و ئەزموونی کەسێک ڕوون بکەنەوە.
لێرەدایە کە چوارچێوەکانی تری کەسایەتی دەبنە جێی سەرنج و سەرنجڕاکێشتر دەبن. نموونەیەک لەوانە(ئینیگرام)، کە چوارچێوەیەکیتری کەسایەتییە و خەڵک دابەش دەکاتە سەر نۆ جۆری سەرەکی. بە پێچەوانەی ئیم-بی-تی-ئای کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر شێوازی پرۆسەی زانیاری و بڕیاردان، ئینیگرام زیاتر تیشک دەخاتە سەر پاڵنەرە شاراوەکان، ترس، ئارەزوو و ڕەفتارەکانی مرۆڤ.
بەهۆی ئەمەشەوە، دەکرێت دوو کەس ڕێک هەمان جۆری ئیم-بی-تی-ئای یان هەبێت بەڵام دوو کەسی تەواو جیاواز بن. دەکرێت بە هەمان شێواز بیر بکەنەوە و بڕیار بدەن، بەڵام پاڵنەر و ئەزموونی ژیانیان تەواو جیاواز بێت. کەسایەتی زۆر ئاڵۆزترە لە تێکەڵەی چوار پیت.
من حەز دەکەم وەک هاوێنەیەک بڕوانمە ئیم-بی-تی-ئای نەک وەک وێنەیەکی تەواو. هاوێنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت شتەکان ڕوونتر ببینی، بەڵام ناتوانێت هەموو شتێکت پێشان بدات.
ئایا ئیم-بی-تی-ئای بەڕاستی زانستییە؟
ئەمەش ڕەخنەیەکی گرنگ لەسەر ئیم-بی-تی-ئای دەهێنێتە ئاراوە. سەرباری ئەوەی زۆر بەناوبانگ بووە، دەرونناسان و توێژەران گومانیان لەوە هەیە کە تا چەند ئەم تاقیکردنەوەیە بە وردی کەسایەتی دەپێوێت، و ئایا دابەشکردنی خەڵک بۆ ناو کۆمەڵێک خانەی دیاریکراو باشترین ڕێگەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری مرۆڤ. لە دەرووناسیی کەسایەتیدا مۆدێلی تر هەن کە لە توێژینەوە زانستییەکاندا زۆر زیاتر بەکاردێن.
بە بڕوای خۆم، من لە شوێنێک لە ناوەڕاستدام. پێم وایە ئیم-بی-تی-ئای بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ورد بووە لە وەسفکردنی زۆر لایەنی کەسایەتی خۆم، و هەرجارێک تاقیکردنەوەم کردووەتەوە ئەنجامەکە هەمان شت بووە. بەڵام بۆ بڕیاری زۆر جدی لەسەر خۆم یان کەسانی تر بەکاری ناهێنم. پێم وایە زیاتر وەک ئامرازێک بۆ خۆناسین بەسوودە، نەک وەک پێناسەیەکی زانستیی بۆ ئەوەی بزانرێ کەسێک کێیە.
هەروەها پێم وا نییە کە خەڵک دەبێت جۆری کەسایەتییەکەیان وەک هۆکارێک بۆ پەردەپۆشکردنی ڕەفتارە زیانبەخشەکانیان بەکاربهێنن. وتنی "ئەمە تەنها کەسایەتیی منە"، بە شێوەیەکی خۆکارانە ڕەفتاری خراپ ناکاتە شتێکی قبوڵکراو. ڕەنگە کەسایەتیت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی مەیلی ئەوەت هەیە بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار بکەیت، بەڵام بەرپرسیارێتیت لەسەر ئەوە لانابات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکی تردا دەکەیت..
بۆچی ئهوەندە حەزمان لە جۆری جیاوازی کەسایەتییە؟
وە بۆچی ئیم-بی-تی-ئای ئەوەندە بەناوبانگ بووە؟
بڕوام وایە بەشێک لە وەڵامەکە ئەوەیە کە خەڵک بە شێوەیەکی سروشتی دەیانەوێت لە خۆیان تێبگەن. خوێندنەوەی وەسفێک و بیرکردنەوە لەوەی کە «ئەمە بە تەواوی ئەوەیە کە من دەیەکەم»، شتێکی زۆر ئارامبەخش و دڵخۆشکەرە. جۆرەکانی کەسایەتی زمانێک دەبەخشنە خەڵک تا وەسفی ئەو شتانە بکەن کە ڕەنگە هەستیان پێکردبێت بەڵام هەرگیز نەیانزانیووە چۆن ڕوونی بکەنەوە..
هەروەها هەستی پەیوەندیداریش دروست دەکەن. خەڵک دەتوانن جۆرەکانی خۆیان بەراورد بکەن لەگەڵ هاوڕێ، هاوسەر، خێزان، کەسایەتییە دیارەکان، و تەنانەت کەسایەتییە خەیاڵییەکانیش. دیاریکردنی جۆری ئیم-بی-تی-ئای بۆ کەسایەتییەکانی فیلم، زنجیرە، ئەنیمێ و پەرتووک زۆر باو بووە، چونکە خەڵک حەز دەکەن بەشێک لە خۆیان لەو کەسایەتییانەدا ببینن کە ئارەزوویان دەکەن.
لەوەش گرنگتر، مرۆڤەکان هەمیشە ئارەزووی تێگەیشتنی مێشکی خۆیانیان هەبووە. ئێمە بە بەردەوامی پرسیار لە خۆمان دەکەین: بۆچی بەم شێوازە ڕەفتار دەکەم؟ بۆچی لەگەڵ هەندێک کەس دەسازێم و لەگەڵ هەندێکی تر نا؟ بۆچی بڕیاری دیاریکراو دەدەم؟ بۆچی من لە کەسانی دەوروبەرم جیاوازم؟
ڕەنگە تاقیکردنەوەکانی کەسایەتی لەبەر ئەوە باو بن چونکە خاڵێکی دەستپێکمان پێدەبەخشن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە.
ئایا ئێمە بەڕاستی تەنها ١٦ جۆر کەسین؟
پێم وانییە تەنها ١٦ جۆر کەس لە جیهاندا هەبن. بە ملیاران مرۆڤ هەن، و هەر یەکێکیان تێکەڵەیەکی جیاوازی هەیە لە ئەزموون، پەیوەندی، بڕوا، یادگاری و هەست و سۆز. مەحاڵە چوار پیت بتوانن هەموو ئەوانە کۆبکەنەوە.
بەڵام ڕەنگە ئەوە ئامانجی ئیم-بی-تی-ئای نەبێت.
ڕەنگە ئامانجی ئیم-بی-تی-ئای ئەوە نەبێت خەڵک بکاتە ناو قوتویەکەوە، بەڵکو خاڵی دەستپێکمان پێبدات بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و لە یەکتری. ئەزموونی خۆم لەگەڵ ئیم-بی-تی-ئای هەندێک شت دەربارەی خۆم فێربووم کە ڕەنگە بە بێ ئەوانە ئاگاداریان نەبوومایە. یارمەتی دام تێبگەم بۆچی لە کێشە و ڕووبەڕووبوونەوە هەڵدێم، بۆچی بەم شێوازە تایبەتە پەیوەندی دروستدەکەم، و بۆچی هەندێک جار دەکرێت جیاواز ڕەفتار بکەم بەپێی ئەو شتانەی لە ژیانمدا ڕوودەدن.
ڕەنگە هۆکاری ئەوەی ئەوەندە سەرسامین بە جۆرەکانی کەسایەتی ئەوە نەبێت کە دەمانەوێت خۆمان لە چوار پیتی کورتتدا بناسێنین. ڕەنگە بەهۆی ئەوەبێت کە بەردەوام هەوڵدەدەین لەو کەسە تێبگەین کە لە پشتی ئەو پیتانەوەیە.
لە کۆتاییدا، ئای-ئێن-ئێف-جەی تەنها ئای-ئێن-ئێف-جەی یەک نییە، ئی-ئێن-ئێف-جەی تەنها ئی-ئێن-ئێف-جەی یەک نییە، و ئای-ئێن-تی-جەی تەنها ئای-ئێن-تی-جەی یەک نییە. لە پشت ئەو چوار پیتەوە مرۆڤێکی تەواو وەستاوە کە زۆر ئاڵۆزتر و زۆر سەرنجڕاکێشترە لەوەی هەر تاقیکردنەوەیەکی کەسایەتی بتوانێت ڕوونی بکاتەوە.

